Add parallel Print Page Options

بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:

«تەنها ئێوەم ناسی
    لە هەموو خێڵەکانی زەوی،
لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،
    لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»

ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،
    بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،
    ئەگەر نێچیری نەبێت؟
ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،
    بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،
    لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟
ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،
    ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،
    ئایا گەل ناترسێت؟
ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،
    ئایا یەزدان نەیکردووە؟

بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات
    بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.

شێر نەڕاندی،
    کێ ناترسێت؟
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
    کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟

بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
    پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
    ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
    ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»

10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،
    ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»

11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
    هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
    قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»

12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
    لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
    بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
    بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»

13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.

14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
    سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
    دەکەونە سەر زەوی.
15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
    هەروەها کۆشکی هاوینەش،
    کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
    هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.