Add parallel Print Page Options

شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] لووشدا، خاکەکەشی خوارد. ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.

یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»

ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «شاووڵ.»

ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

«نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
    پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
    بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»

ئامۆس و ئەمەسیا

10 جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت.» 11 چونکە ئامۆس وای گوتووە:

«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
    ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
    بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»

12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 13 بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»

14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:

«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
    لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“

17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
    کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
    خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
    بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»

Footnotes

  1. 7‏:4 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (دەریای ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو.‏