Add parallel Print Page Options

سەبەتەیەک میوەی گەییو

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

«لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
    هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
    گوێتان لەمە بێت:

ئێوە دەڵێن،

«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
    تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
    تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
    نرخ زیاد بکەن و
    فێڵ لە تەرازوو بکەن،
بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
    نەداران بە جووتێک پێڵاو و
    بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.

یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.»

«ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
    هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
    وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»

یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:

«جا لە نیوەڕۆدا ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
    لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
    هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش[a] دەکەمە بەر هەمووتان و
    قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
    کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»

11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
    قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
    بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
    لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
    بەڵام نایدۆزنەوە.
13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
    لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
14 ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و
    دەڵێن: ”ئەی دان، بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و
    ”بەو ڕێگایەی بیری شابەع کە زیندووە…“
جا دەکەون و
    ئیتر هەڵناستنەوە.»

Footnotes

  1. 8‏:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏