Add parallel Print Page Options

سروشێک سەبارەت بە مۆئاب

15 سروشێک سەبارەت بە مۆئاب:

عار لە مۆئاب وێران بوو،
    لە یەک شەودا کاول بوو!
قییر لە مۆئاب وێران بوو،
    لە یەک شەودا کاول بوو!
دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی[a] سەرکەوت،
    بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان،
    مۆئاب بەسەر نەبۆ و مێدەبادا شیوەن دەکات.
هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و
    هەموو ڕیشێک تاشراون.
لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش[b] دەپۆشن،
    لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی
هەموو شیوەن دەکەن
    بەخوڕ دەگریێن.
حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە،
    دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت.
لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن
    گیانیان دەلەرزێت.

دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
    هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن،
    هەتا عەگلەت شەلیشیا.
بە گریانەوە
    لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون،
لە ڕێگای حۆرۆنایم
    هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
ئاوەکانی نیمریم وشک بوون،
    گیایەکەش سیس بوو،
لەوەڕگا نەما و
    سەوزایی نەما.
لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان
    هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە،
    واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم،
    واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن،
    بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم،
شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و
    بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.

Footnotes

  1. 15‏:2 مەبەست لە پەرستگای بتپەرستانە، نەک پەرستگاکەی یەزدان.‏
  2. 15‏:3 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏