Add parallel Print Page Options

دادوەری لەگەڵ ئۆرشەلیم و یەهودا

چونکە ئەوەتا پەروەردگار،
    یەزدانی سوپاسالار،
بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
    پاڵپشتی و پشتگیری،
هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
    پاڵەوان و جەنگاوەر،
دادوەر و پێغەمبەر و
    فاڵگرەوە و پیر و
سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
    ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.

مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
    منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.

گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
    هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
    چروکیش لە سەنگین.

چونکە پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
    لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
«تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
    ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
لەو ڕۆژەدا دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:
    «نابم بە چارەساز،
نان و بەرگ لە ماڵەکەم نییە.
    مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»

ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
    یەهوداش دەکەوێت،
چونکە زمانیان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
    بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
    وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
    نایشارنەوە.
قوڕبەسەریان،
    چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!

10 بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
    چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
11 قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
    چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.

12 منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
    ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
    ڕێگای هاتوچۆی تۆیان تێکداوە.

13 یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
    هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
14 یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
    لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
«ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
    ڕووتانەوەی هەژاران لە ماڵەکانتانە.
15 ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
    ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.

16 یەزدان دەفەرموێت:
    «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
گەردنیان دەرخستووە و
    بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
بە لارولەنجەوە دەڕۆن
    بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار تەپڵی سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
یەزدان ڕووتی ئەوان بەدەردەخات.»

18 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، 19 گوارە و بازن و پەچە، 20 سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، 21 ئەنگوستیلە و خەزێم، 22 جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و 23 ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.

24 جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەنی و
    لە جێی کەمەربەند گوریس و
لە جێی پرچی بە ئەگریجە سەری ڕووتاوە و
    لە جێی بەرگی گرانبەها گوش[a] لەبەر دەکەن،
    نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
25 پیاوەکانتان بە شمشێر و
    پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
26 جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
    بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.

Footnotes

  1. 3‏:24 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏