Add parallel Print Page Options

53 کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و
    هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟
بەندەکە وەک چەکەرە لەبەردەمی باڵای کرد،
    وەک ڕەگ لە خاکێکی تینوو گەشەی کرد.
نە جوانی هەبوو و نە پایەبەرزی هەتا سەرنجمان بۆی بچێت،
    نە دیمەن هەتا ئارەزووی بکەین.
ڕیسوا و سووک لەلایەن خەڵکەوە،
    پیاوی ئازار و شارەزای ناخۆشی.
وەک یەکێک خەڵک ڕووی خۆیانی لێ بشارنەوە،
    ڕیسوا بوو و بە هیچمان نەزانی.

بە دڵنیاییەوە دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت،
    ئازارەکانی ئێمەی برد،
ئێمەش وامانزانی لەلایەن خوداوە گورزی بەرکەوتووە،
    لێی دراوە و زەلیلە.
بەڵام ئەو لەبەر یاخیبوونەکانمان بریندار بوو،
    لەبەر تاوانەکانمان وردوخاشکرا.
ئەو لە پێناوی ئاشتبوونەوەی ئێمە سزای چێژت،
    بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە.
هەموو وەک مەڕ بڵاوەمان کردووە،
    هەریەکە ملی ڕێگای خۆمان گرتووە،
بەڵام یەزدان هەموو تاوانەکانی ئێمەی
    خستە سەر ئەو.

زەلیل کرا و ستەمیان لێکرد،
    بەڵام دەمی نەکردەوە.
ئەو وەک بەرخ بۆ سەربڕین بردرا،
    وەک چۆن مەڕێک لەبەردەستی ئەوانەی خورییەکەی دەبڕنەوە بێدەنگە،
    ئەو دەمی نەکردەوە.
بە ستەم و حوکم بەسەردادان بردرا.
    بەڵام کێ لە نەوەی سەردەمی خۆی لە دژی وەستایەوە؟
چونکە لە جیهانی زیندووان هەڵگیرا،
    لەبەر یاخیبوونی گەلەکەم ئەو لێی درا.
گۆڕی لەگەڵ بەدکاران دانرا،
    دوای مردنی لە گۆڕی دەوڵەمەندێک نێژرا،
هەرچەندە ستەمکاری نەکرد و
    فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.

10 بەڵام خواستی یەزدان بوو وردوخاشی بکات و ئازار بکێشێت،
    لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان ژیانی کرد بە قوربانی تاوان،
نەوە و ڕۆژگاری درێژ دەبینێت،
    خواستی یەزدان بە دەستی ئەو سەردەکەوێت.
11 لەدوای ئەو ئازارەی بەرگەی گرت،
    ڕووناکی ژیان دەبینێت و تێر دەبێت،
بە زانینی بەندە ڕاستودروستەکەم زۆر کەس بێتاوان دەکات و
    ئەو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت.
12 لەبەر ئەوە لەگەڵ مەزنەکان بەشی دەدەم،
    لەگەڵ بەهێزەکان دەستکەوت بەش دەکات،
چونکە بۆ مردن گیان لەسەر دەست بوو و
    لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،
لەبەر ئەوەی گوناهی زۆر کەسی هەڵگرت و
    داکۆکی لە یاخیبووان کرد.