Add parallel Print Page Options

دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک

لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. سەرافیمەکان[a] لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:

«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
    شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.

گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! چونکە من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»

ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»

ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»

منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»

ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:

«”هەمیشە ببیستن بەڵام تێمەگەن،
    هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام مەبینن.“
10 دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
    گوێی گران بکە و
    چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
    بە گوێی ببیستێت،
    بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»

11 منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»

ئەویش فەرمووی:

«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
    بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
    کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
12 با وای لێ بێت یەزدانیش مرۆڤ دووربخاتەوە و
    شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
13 ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
    جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
    کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
    پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»

Footnotes

  1. 6‏:2 سەرافیمەکان: جۆرە بوونەوەرێکی ئاسمانین کە دەکرێت جۆرێکی تایبەتی فریشتە بن.‏