Add parallel Print Page Options

دایک و باوک و منداڵ

ئەی منداڵان، لەبەر مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە. [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.] ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت [بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.][a] ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن.

کۆیلە و گەورەکانیان

ئەی کۆیلەکان، گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکات، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن. با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی، چونکە دەزانن هەر یەکێک چ چاکەکارییەک بکات ئەوە لە عیسای خاوەن شکۆ وەردەگرێتەوە، کۆیلە بێت یاخود ئازاد.

ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات.

چەکی تەواوی خودا

10 لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن. 11 بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن، 12 چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆکەکان، لە دژی دەسەڵاتداران، لە دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان. 13 بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن. 14 بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و سپەری[b] ڕاستودروستی بە سنگتانەوە، 15 ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی[c]، 16 لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە. 17 هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە. 18 بە هەموو جۆرە نوێژێک و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن، بۆ ئەمەش شەوارە بگرن بەوپەڕی بەردەوامی و پاڕانەوە بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا.

19 نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ، ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم. 20 من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.

سڵاوی کۆتایی

21 برای خۆشەویستمان تیخیکۆس، کە خزمەتکاری دڵسۆزە لە خزمەتی مەسیحی باڵادەستدا، هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم. 22 بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.

23 لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران. 24 نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی گەورەی ئێمەیان خۆشدەوێت.

Footnotes

  1. 6‏:3 دواوتار 5‏:16‏.‏
  2. 6‏:14 جلێکی ئاسنینە بۆ پاراستنی سنگی سەرباز لە کاتی جەنگدا. بڕوانە ئیشایا 59‏:17.‏‏
  3. 6‏:15 ڕاگەیاندنی مژدەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودا.‏