Add parallel Print Page Options

قسەی چوارەمی ئەیوب

12 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«ڕاستە ئێوە گەلێکن،
    بە مردنتان داناییش دەمرێت،
بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە،
    من لە ئێوە کەمتر نیم.
    ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟

«لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە،
    بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم،
    هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
کەسێکی دڵنیا
    گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
چادری تێکدەران ئارامە و
    ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن،
    بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.

«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن،
    هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات،
    ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
کام لەمانە نازانێت کە
    دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
10 ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و
    ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
11 ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و
    مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
12 لە ڕیش سپیێتی دانایی و
    لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.

13 «دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە،
    ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
14 ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە،
    ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
15 ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت،
    بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
16 هێز و دانایی لەلای ئەوە،
    چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
17 ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات،
    دادوەران تووشی شێتی دەکات.
18 کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و
    ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
19 کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و
    پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
20 ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات،
    ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
21 سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و
    پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
22 قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و
    سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
23 نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات،
    نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
24 مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و
    لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
25 لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە،
    وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.