Add parallel Print Page Options

قسەی نۆیەمی ئەیوب

26 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە!
    چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!
چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە!
    چۆن زانینی زۆرت دەرخست!
بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و
    ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟

«تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا
    لە سامناکی خودا دەلەرزن.
جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە،
    شوێنی لەناوچوون[a] شاردراوە نییە.
ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و
    زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.
ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و
    هەور لەژێری نادڕێت.
ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە،
    هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.
10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە
    وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.
11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و
    لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.
12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و
    بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ[b] دەوەشێنێت.
13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و
    دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.
14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون.
    هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان!
    ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»

Footnotes

  1. 26‏:6 لەناوچوون: عیبری: ئەبەدۆن‏. لە پەیمانی نوێ، ئەم وشەیە بە واتای (لەناوبەر) هاتووە، بڕوانە ئاشکراکردن 11‏:9‏‏.‏
  2. 26‏:12 هێمایە بۆ میسر.‏