Add parallel Print Page Options

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ. بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل، نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت. بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن. لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان. ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»

10 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەموو ئەو قسەیەی پێتی دەڵێم، لە دڵتدا هەڵیبگرە و بە گوێت بیبیستە. 11 بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»

12 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە. 13 ئەمەش دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان بوو کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون. 14 جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم. 15 ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێل‌ئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.

دانانی حزقیێل بە چاودێر

16 دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، جا وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و لەلایەن منەوە ئاگاداریان بکەرەوە. 18 کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”سزاکەت مردنە“ و تۆش ئاگادارت نەکردەوە و قسەت نەکرد وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 19 بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و لە بەدکاری خۆی و لە ڕێگا خراپەکەی نەگەڕێتەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.

20 «ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 21 بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»

22 لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.» 23 منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم.

24 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە. 25 تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان. 26 منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین. 27 بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.