Add parallel Print Page Options

لە پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە،

بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان لەگەڵ خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:

با نیعمەت[b] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

سوپاس و نوێژکردن

خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەموو بۆ یەکتری زیاد دەکات، بۆیە ئێمە بە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بۆ دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لە هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییەک کە بەرگەی دەگرن.

ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەلای خودا دادپەروەرانەیە ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن سزایان بە تەنگانە بداتەوە، ئێوە کە لەنێو تەنگانەن لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت، لە کاتی ئاشکراکردنی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانی لە گڕی ئاگر. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، 10 کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت[c] و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.

11 هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی بە باوەڕەوە دەکرێت بە هێزەوە تەواوی بکات، 12 تاکو ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.

Footnotes

  1. 1‏:1 یۆنانی: سیلوانۆس‏.‏
  2. 1‏:2 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  3. 1‏:10 بڕوانە زەبوورەکان 89‏:7‏.‏