Add parallel Print Page Options

لەبەر ئەوە بڕیارم دا نەیەمەوە بۆ لاتان، نەوەک سەردانەکەم ببێتە مایەی خەمباری، چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟ بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم خەمبار نەبم لەوانەی پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە. لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە.

لێخۆشبوون لە گوناهبار

بەڵام ئەگەر یەکێک بووە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو تاکو ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زۆرم نەگوتبێت. ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە، بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت. لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە، چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن. 10 منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە، 11 نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین.

سەرکەوتن بەهۆی عیسا

12 کاتێک هاتمە شاری ترۆیاس بۆ ئەوەی مزگێنی مەسیح ڕابگەیەنم، مەسیحی باڵادەست دەرگایەکی بۆ کردمەوە. 13 بەڵام گیانم پشووی نەدا، چونکە تیتۆسی برام نەدۆزییەوە. ئیتر ماڵئاواییم لێیان کرد و چووم بۆ مەکدۆنیا.

14 بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە، 15 چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین بۆ خودا، لەنێوان ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و لەنێوان ئەوانەی لەناودەچن. 16 بۆ ئەوانە بۆنی مردنە بۆ مردن، بۆ ئەوانی دیکە بۆنی ژیانە بۆ ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەم شتانە؟ 17 ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە پەیامی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە بێ دووڕوویی لە خوداوە و لەبەردەم خودا بە ناوی مەسیح دەدوێین.