Add parallel Print Page Options

ماڵی هەتاهەتایی

لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان[a] ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین، شەیداین ماڵی ئاسمانیمان لە سەری بپۆشین، چونکە ئەگەر پۆشیمان بە ڕووتی نابینرێین. لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.

بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە لەشدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین، لە لەش دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. بۆیە ئامانجی بەرزمان دادەنێین، ئەگەر لە لەشدا نیشتەجێ بین یان دوور بین، ئەو لێمان ڕازی بێت، 10 چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، ئەگەر باشە یاخود خراپە.

خزمەتی ئاشتبوونەوە

11 لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین. 12 ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ. 13 ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە. 14 خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. 15 ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.

16 لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین. 17 کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ. شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە! 18 ئەمەش هەمووی لە خوداوەیە، کە لەگەڵ خۆی لە ڕێگەی مەسیحەوە ئاشتی کردینەوە و خزمەتی ئەم ئاشتبوونەوەی پێداین، 19 واتە خودا بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح جیهانی لەگەڵ خۆی ئاشت دەکردەوە، گوناهەکانیان لەسەر نانووسێت و پەیامی ئاشتبوونەوەی بە ئێمە سپاردووە. 20 کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە. 21 ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ ئەو ببین بە ڕاستودروستی خودا.

Footnotes

  1. 5‏:1 مەبەستی لە جەستەی مرۆڤانەیە، شتێکی کاتییە.‏