Add parallel Print Page Options

وەک هاوکاری خوداین، لێتان دەپاڕێینەوە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، چونکە دەفەرموێ:

[لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
    لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.][a]

ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.

خۆسەلماندنی پۆڵس

لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوونی و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی بۆ دەستە ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10 وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

11 ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. 12 ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. 13 ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.

پەرستگای خودای زیندوو

14 لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا[b] مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15 چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا[c] هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16 پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:

[تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم،
    دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.][d]
17 [یەزدان دەفەرموێ:
    لەبەر ئەوە لەناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
    بەجێیان بهێڵن.
دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک،
    ئینجا وەرتاندەگرمەوە.][e]
18 [یەزدانی هەرە بە توانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
    ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.][f]

Footnotes

  1. 6‏:2 ئیشایا 49‏:8.‏‏
  2. 6‏:14 مەبەستی لە هاوسەرگیرییە.‏
  3. 6‏:15 مەبەستی لە شەیتانە.‏
  4. 6‏:16 لێڤییەکان 26‏:12 و یەرمیا 32‏:38 و حزقیێل 37‏:27‏‏.‏
  5. 6‏:17 ئیشایا 52‏:11 و حزقیێل 20‏:34‏،41‏‏.‏
  6. 6‏:18 دووەم ساموئێل 7‏:8‏،14‏‏.‏