Add parallel Print Page Options

هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد

17 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل. جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»

موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»

بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»

ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ. من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە[a] لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل. ئەو شوێنەیان ناونا مەسا و مەریبا[b]، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»

بەزاندنی عەمالێقییەکان

عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم. موساش بە یەشوعی[c] گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»

10 یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە. 11 ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە ئەوا نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە عەمالێقییەکان سەردەکەوتن. 12 کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون بەردێکیان هێنا و لە ژێری دایاننا، لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی چەسپاو بوون. 13 یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.

14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»

15 موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و 16 گوتی: «دەستم بەرزکردووەتەوە بۆ تەختی یەزدان. یەزدان لە جەنگدا دەبێت لە دژی عەمالێق لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەک.»

Footnotes

  1. 17‏:6 ئەو تاشەبەردە: بڕوانە سەرژمێری 20‏:8 و یەکەم کۆرنسۆس 10‏:4‏‏.‏
  2. 17‏:7 مەسا واتای (تاقی کردنەوە)یە و مریباش واتای (دەمەقاڵێ)یە.‏
  3. 17‏:9 یەشوع: لە زمانی عیبری بە واتای (خودا ڕزگار دەکات) دێت کە هاوواتای ناوی عیسایە. بڕوانە مەتا 1‏:21‏‏.‏