Add parallel Print Page Options

36 ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»

ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن. هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا. ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا و پێیان گوت: «گەل لە پێویستی ئەو کارەی خزمەت کە یەزدان فەرمانی بە دروستکردنی کردووە زیاتر دەهێنن.»

ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا، گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت دروستنەکەن بۆ پیتاک بۆ پیرۆزگا.» جا گەل لە هێنان وەستان، کەرەستەکانیش بەشی هەموو کارێکی کردن بۆ ئەوەی بیکەن و زیاتریش بوو.

چادری پەرستن

هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان[a] لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان[b] بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن. درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو،[c] یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. 10 پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە بەسترانەوە. 11 ئەڵقەشی لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتی بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد. 12 پەنجا ئەڵقەی بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون. 13 پەنجا فاقی[d] زێڕیشی دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.

14 هەروەها ڕەشماڵێکی لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنی پێ گرت. 15 درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ[e] و پانی چوار باڵ[f] بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. 16 پێنجی لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە. 17 پەنجا ئەڵقەی لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. 18 پەنجا فاقی بڕۆنزیشی دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە. 19 پۆشەرێکیشی لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.

20 چوارچێوەشی[g] لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 21 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.[h] 22 دوو زمانەشی بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوای کرد. 23 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیانی لەلای باشوور دروستکرد، 24 چل بنکەی زیویشی لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. 25 بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 26 چل بنکەی زیویشی هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. 27 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، 28 دوو چوارچێوەشی بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 29 لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوای کرد. 30 ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.

31 پێنج کاریتەشی لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد، 32 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. 33 کاریتەکەی ناوەڕاستیشی وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. 34 چوارچێوەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستی کرد، کاریتەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.

35 پەردەیەکیشی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستکرد. 36 چوار کۆڵەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشی بۆ داڕشتن. 37 پەردەی دەروازەشی بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک، 38 پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.

Footnotes

  1. 36‏:8 ئەو پارچە ڕستراوانەی کە ڕەشماڵ یان چادری پێ دروستدەکرێ.‏
  2. 36‏:8 کەڕوب: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ، بڕوانە 25‏:18 و عیبرانییەکان 9‏:5‏‏.‏
  3. 36‏:9 پڵاس: بڕوانە 26‏:2. درێژایی نزیکەی 12,5 مەتر و پانییەکەی 1,8 مەتر.‏
  4. 36‏:13 فاق: گیرە.‏
  5. 36‏:15 سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.‏
  6. 36‏:15 چوار باڵ: نزیکەی 1,8 مەتر.‏
  7. 36‏:20 چوارچێوەکان: بۆ ڕاگرتنی.‏
  8. 36‏:21 هەر چوارچێوەیەک: درێژییەکەی نزیکەی 4,5 مەتر و پانییەکەی 70 سانتیمەتر. بڕوانە 26‏:16‏.‏