Add parallel Print Page Options

سندوقی پەیمان

37 بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.[a] ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد. چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.

قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو[b] درێژییەکەی و باڵ و نیوێک[c] پانییەکەی بوو. دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتی وەکرد. کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە دەبن. کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.

مێزەکە

10 مێزەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.[d] 11 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری دروستکرد. 12 لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا. 13 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت، بازنەکانی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا. 14 بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 15 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 16 قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە پێیان دەڕژێنرێت بۆ شەرابی پێشکەشکراو لە زێڕی بێگەرد دروستی کردن.

چرادانەکە

17 چرادانەکەشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون. 18 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. 19 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون. 20 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو. 21 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو. 22 گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.

23 حەوت چراشی بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد بوون. 24 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک[e] زێڕی بێگەرد دروستکرد.

قوربانگاکەی بخوور

25 قوربانگاکەی بخووریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک[f] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[g] بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون. 26 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستکرد. 27 دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. 28 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.

29 زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.

Footnotes

  1. 37‏:1 سندوقەکە: درێژییەکەی نزیکەی 1,1 مەتر و پانییەکەی و بەرزاییەکەشی 70 سانتیمەتر. بڕوانە 25‏:10‏.‏
  2. 37‏:6 نزیکەی 1,1 مەتر.‏
  3. 37‏:6 نزیکەی 70 سانتیمەتر.‏
  4. 37‏:10 مێزەکە: درێژییەکەی نزیکەی 90، پانییەکەی 50 و بەرزییەکەی 70 سانتیمەتر.‏
  5. 37‏:24 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگم.‏
  6. 37‏:25 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  7. 37‏:25 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏