Add parallel Print Page Options

قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن

38 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ[a] و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزاییەکەشی سێ باڵ[b] بوو. قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشی کرد. هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشی دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستکرد. کەتیبەیەکیشی بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکەی داینا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست. چوار ئەڵقەشی لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار. دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشی کردن. دوو دارەکەی خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشی لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو.

حەوزەکەی شوشتن

حەوزەکەشی لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد.

حەوشەکە

حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشی لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ[c]. 10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون. 11 بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.

12 بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ[d] بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون. 13 لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ. 14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ[e]، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون. 15 بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون. 16 هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون. 17 هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون.

18 پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ[f] و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ[g] هەروەک پەردەکانی حەوشەکە. 19 کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون. 20 هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون.

بەکارهێنانی کانزا بەخشراوەکان

21 ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین. 22 بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد، 23 ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. 24 هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل[h] بە شاقلی پیرۆزگا.

25 زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل[i] بە شاقلی پیرۆزگا. 26 نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل[j] بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس. 27 سەد تالنتیش لە زیوەکە[k] بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە[l] بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک. 28 هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقە پێکەوەی بەستنی لێ دروستکرا.

29 بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل[m] بوو، 30 بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران، 31 هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا.

Footnotes

  1. 38‏:1 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  2. 38‏:1 سێ باڵ: نزیکەی 1,4 مەتر.‏
  3. 38‏:9 سەد باڵ: نزیکەی 46 مەتر.‏
  4. 38‏:12 پەنجا باڵ: نزیکەی 23 مەتر.‏
  5. 38‏:14 پازدە باڵ: نزیکەی 6,9 مەتر.‏
  6. 38‏:18 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.‏
  7. 38‏:18 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  8. 38‏:24 بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل: نزیکەی تەنێکی زێڕ دەبوو.‏
  9. 38‏:25 کەمێک زیاتر لە 3,4 تەن زیو دەبوو.‏
  10. 38‏:26 نیو شاقل: نزیکەی 5,5 گرام.‏
  11. 38‏:27 سەد تالنتیش لە زیوەکە: نزیکەی سێ هەزار و چوار سەد کیلۆگرامی زیو دەبوو.‏
  12. 38‏:27 پەردەکە: بڕوانە 26‏:31‏.‏
  13. 38‏:29 حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل: نزیکەی 2400 کیلۆگرام.‏