Add parallel Print Page Options

10 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
    بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟

بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
    گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
    داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
    هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
    لە حوکمەکانی خودا ناگات،
    ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
    هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»

دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
    بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
    خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
وەک شێر خۆی مات دەکات،
    خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
    بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
    دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
    چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»

12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
    ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
    بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
    لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
    تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
    تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.

16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
    نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
    دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
    تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.