Add parallel Print Page Options

گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.

108 ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
    بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
    من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
    لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
    دڵسۆزیشت لە هەورەکان.
ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
    با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.

بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
    بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
    «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
    دۆڵی سوکۆت[a] دەپێوم.
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
    ئەفرایم کڵاوی منە،
    یەهودا[b] داری دەسەڵاتی منە.
مۆئاب[c] دەستشۆرمە،
    پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
    لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»

10 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
    کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
11 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
    ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
12 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
    چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
13 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
    هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.

Footnotes

  1. 108‏:7 ناوی دوو شاری کۆنە. شەخەم شارێکی شوورابەند بوو لە پاڵ کێوی گریزیم، سوکۆتیش دەکەوتە دووری شەش کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏
  2. 108‏:8 گلعاد کوڕی ماکیرە و کوڕەزای منەششێیە و منەششێش نۆبەرەی یوسفە، ئەفرایمیش کوڕی دووەمی یوسفە، یەهوداش کوڕی یاقوبە، بۆیە ئەم ناوانە بوون بە ناوی هۆز و عەشیرەتەکانی ئیسرائیل و هەروەها ناوی شار و ناوچەکانیان.‏
  3. 108‏:9 خاکی مۆئابییەکان، دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو.‏