Add parallel Print Page Options

137 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین،
    هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی
    قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین،
    چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین:
    «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»

چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین
    لە خاکێکی بێگانە؟
ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم،
    با دەستە ڕاستەم بەهرەکەی لەبیر بکات.
با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم،
    ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.

ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت[a] نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت،
    کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
ئەی دانیشتووانی بابل[b] کە چارەنووستان لەناوچوونە،
    دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە،
    وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و
    بە تاشەبەردیاندا دەدات!

Footnotes

  1. 137‏:7 بابلییەکان لە ساڵی 587 پ. ز. بە یارمەتی ئەدۆمییەکان ئۆرشەلیمیان داگیر کرد.‏
  2. 137‏:8 مەبەستی لە خەڵکی بابلە.‏