Add parallel Print Page Options

زەبوورێکی داود.

144 ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من،
    ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ،
    پەنجەکانم بۆ جەنگ.
ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە،
    پەناگا و دەربازکەرە بۆم،
قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە،
    ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم.

ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟
    کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟
مرۆڤ لە هەناسەیەک دەکات،
    ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.

ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە،
    دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن.
چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە،
    تیرت تێگرە و بیانبەزێنە.
لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە،
    فریام بکەوە و دەربازم بکە،
    لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە،
ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
    سوێندخواردنیان ساختەیە.

ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
    بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
10 بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
    ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.

11 دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
    ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
    سوێندخواردنیشیان ساختەیە.

12 ئەوسا کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
    وەک نەمامی گەشەکردوو بن،
کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
    گۆشەی کۆشک بن.
13 ئەمبارەکانمان پڕ بن
    لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
    بە دەیان هەزار بن لەناو کێڵگەکانمان،
14 گامان باری قورس ڕابکێشیت.
    بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
    شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نەیێت!
15 خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
    خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.