Add parallel Print Page Options

پاڕانەوەیەکی داود.

16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
    چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.

بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
    بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
    ئەوانە شکۆدارن.
ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
    دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
    ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
    تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
گوریس[a] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
    بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
    تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[b] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
    خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.

Footnotes

  1. 16‏:6 دیاریکردنی سنووری زەوی بە گوریس بووە.‏
  2. 16‏:10 مەبەستی ئەوەی بۆ خودا تەرخان کراوە، وەک مەسیح.‏