Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت[a].

46 خودا پەناگا و هێزمانە،
    لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت.
بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
    ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
    چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. [b]

ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا[c] شاد دەکات،
    ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
    لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
    خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.

یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
    خودای یاقوب پەناگامانە.

وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
    ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
    کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
    گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،
    لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
    لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»[d]

11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
    خودای یاقوب پەناگامانە.

Footnotes

  1. 46‏:0 جۆرە ئاوازێکە، واتە بە دەنگی کچان.‏
  2. 46‏:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 11، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  3. 46‏:4 ئۆرشەلیم، بڕوانە ئاشکراکردن 21، حزقیێل 40‏‏.‏
  4. 46‏:10 خودا بۆ نەتەوەکان قسە دەکات.‏