Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

47 ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
    بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.

چونکە یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
    گەلانی خستە ژێر پێمان.
میراتی بۆ هەڵبژاردین،
    کە شانازی یاقوبە[a]، ئەوانەی خۆشویست.[b]

لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە[c]،
    یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
    گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
چونکە خودا پاشای هەموو زەوییە،
    هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.

خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
    خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
    چونکە پاشاکانی[d] زەوی هی خودان،
    ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.

Footnotes

  1. 47‏:4 مەبەستی لە نەوەی یاقوبە.‏
  2. 47‏:4 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  3. 47‏:5 بۆ تەختی خۆی، لە کاتی هاتنی سندوقی پەیمان بۆ ناو پەرستگا.‏
  4. 47‏:9 عیبری: قەڵغانەکان.‏