Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[a] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.

52 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
    ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
    بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
    وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
    خەریکی فێڵبازییە.
زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
    لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.[b]
حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
    ئەی زمانی فێڵباز!

بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
    دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
    ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
    پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
    بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو،
    لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!»

بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
    هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
    ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.

Footnotes

  1. 52‏:0 سەرۆک شوانەکانی شاول بوو، کاتێک داود لە ڕووی شاول هەڵات بۆ نوب بۆ لای ئەحیمەلەخ کە سەرۆک کاهین بوو، جا ئەحیمەلەخ نانی قوربانی دا بە داود و ئەوانەی لەگەڵی بوون. لەو کاتەدا دۆئێگ لە نوب بوو و هەواڵی برد بۆ شاول. ئینجا شاول ئەحیمەلەخ و کاهینەکانی گرت و فەرمانی دا بە پاسەوانەکان بیانکوژن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە. جا فەرمانی دا بە دۆئێگ، ئەویش هەشتا و پێنج کاهینی کوشت.‏
  2. 52‏:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 5، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏