Add parallel Print Page Options

بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی یەهودا

10 لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن،
    یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات.
ئەو شەستە باران دەبارێنێت،
    کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.
بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن،
    فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن،
خەونی درۆ دەگێڕنەوە،
    بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن،
بۆیە وەک مەڕ دەگەڕێن،
    سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.

«تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت،
    ڕابەرەکان سزا دەدەم،
چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی،
    بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە،
    دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.
بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت،
    مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت،
    کەوانی جەنگ لەوێوە دێت،
    هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.
پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن،
    ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن،
دەجەنگین، چونکە یەزدان لەگەڵیانە،
    ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.

«بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم،
    بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم.
دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە،
    وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە،
چونکە من یەزدانی خودای ئەوانم،
    وەڵامیان دەدەمەوە.
ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت،
    دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب،
منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
    دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.
ئاماژەیان بۆ دەکەم،
    پێکەوە کۆیان دەکەمەوە.
بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە،
    هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.
هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم،
    بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە.
ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و
    دەگەڕێنەوە.
10 لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و
    لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە.
دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان،
    جێیان نابێتەوە.
11 بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن،
    شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و
    هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن.
لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و
    داردەستی میسر نامێنێت.
12 بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و
    بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.