Add parallel Print Page Options

پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:

ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری

«هەمووان لەسەر ڕووی زەوی
    بە تەواوەتی دادەماڵم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم،
    باڵندەکانی ئاسمان و
    ماسییەکانی دەریا دادەماڵم.
بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و
    مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا

«دەستم بۆ سەر یەهودا و
    بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم.
ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم،
    ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن
    بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان،
ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن،
    هەروەها سوێند بە مۆلەخیش[a] دەخۆن،
لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و
    ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»

لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە،
    چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیکە،
چونکە یەزدان قوربانی ئامادە کردووە
    بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.

لە ڕۆژی قوربانی یەزدان
    میران سزا دەدەم
    هەروەها کوڕانی پاشا و
هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم
    کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،[c]
ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن
    لە ستەم و فێڵبازی.

10 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا،
    دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە،
    ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت،
    دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
11 ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش[d] بناڵێنن،
    هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن،
    هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
12 لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و
    ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین،
    ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە،
لە دڵی خۆیاندا دەڵێن:
    ”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
13 ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت،
    ماڵیان وێران دەبێت.
ماڵ بنیاد دەنێن و
    تێیدا دانانیشن؛
ڕەز دەچێنن و
    لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.

ڕۆژی گەورەی یەزدان

14 «ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە،
    نزیکە و زۆر بە پەلەیە.
هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت،
    پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
15 ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە،
    ڕۆژی تەنگانە و ئازارە،
ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە،
    ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
    ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
16 ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە
    لە دژی شارە قەڵابەندەکان و
    لە دژی قوللە بەرزەکان.

17 «تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم،
    وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن،
    چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد.
ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و
    هەناویشیان وەک زبڵ.
18 نە زیو و نە زێڕەکەیان
    ناتوانن دەربازیان بکەن،
    لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان.

«بە ئاگری ئیرەییەکەی[e]
    هەموو زەوی هەڵدەلووشێت،
چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات
    بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»

Footnotes

  1. 1‏:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28‏:3.‏
  2. 1‏:7 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏
  3. 1‏:9 باز دەدەن: نەریتێکی بتپەرستانە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 5‏:5‏‏.‏
  4. 1‏:11 گەڕەکێک بووە لەناو بازاڕی گەورەی ئۆرشەلیم.‏
  5. 1‏:18 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏