Add parallel Print Page Options

نموونەی جوتیارێک

13 هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. بەڵام هەندێکیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»

بۆچی عیسا بە نموونە دەدوێت؟

10 قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»

11 وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، 12 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 13 لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم:

«چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن،
    گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.

14 پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ:

[ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
    ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن.
15 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
    گوێیان قورس بووە،
    چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
    بە گوێیان ببیستن،
    بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.][a]

16 بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.

ڕوونکردنەوەی نموونەکە

18 «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: 19 هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان[b] دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. 20 ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن. 21 بەڵام ڕەگ داناکوتن و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 22 ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 23 بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن. یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی، بەرهەم دەدەن.»

نموونەی گەنم و زیزان

24 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25 بەڵام کاتێک خەڵک نوستبوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. 26 کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.

27 «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“

28 «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»

29 گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. 30 هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ[c] بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»

نموونەی دەنکە خەردەل

31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل[d] وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، 32 کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»

نموونەی هەویرترش

33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک[e] دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە[f] ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»

34 عیسا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35 تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی:

[بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە دەریدەبڕم.][g]

ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان

36 ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»

37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە[h]، سەپانەکانیش فریشتەکانن.

40 «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. 41 کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و 42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت. 43 ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!

نموونەی گەنجینە و مرواری

44 «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.

45 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا. 46 کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.

نموونەی تۆڕ

47 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. 49 کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و 50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»

51 عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»

وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»

52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»

ڕەتکردنەوەی عیسا

53 کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد لەوێ ڕۆیشت. 54 هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان فێری کردن، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ 55 ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ 56 ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» 57 جا ڕەتیان کردەوە.

بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»

58 لەوێدا پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.

Footnotes

  1. 13‏:15 ئیشایا 6‏:9‏-10‏‏
  2. 13‏:19 یۆنانی: خراپەکارەکە. ‏
  3. 13‏:30 مەڵۆ: دەسکە زیزان (زیوان) و دەغڵ.‏
  4. 13‏:31 ڕووەکێکە لە وڵاتی فەلەستین دەڕوێت، بەرزییەکەی لە ماوەی ساڵێک لە ڕواندنی دەگاتە نزیکەی 3 بۆ 4 مەتر.‏
  5. 13‏:33 هەویرترش: هەوێن، خومرە.‏
  6. 13‏:33 یۆنانی: سێ ساتا‏، واتە 22 لیتر.‏
  7. 13‏:35 زەبوورەکان 78‏:2‏‏
  8. 13‏:39 مەبەست هاتنەوەی مەسیحە کاتێک لەسەر زەوی حوکم دەکات.‏