Add parallel Print Page Options

داواکردنی نیشانەی ئاسمانی

16 فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات.

وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە داهات، دەڵێن ”ساماڵە، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“ سەر لە بەیانیش، ”ئەمڕۆ هەورە، ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و ڕووگرژە.“ ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە! نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت.

کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»

لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «لەبەر ئەوەیە کە نانمان نەهێناوە.»

عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 10 یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 11 چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ لە هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان ئاگاداربن!» 12 ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.

پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت

13 کە عیسا گەیشتە ناوچەی قەیسەرییەی فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن کوڕی مرۆڤ کێیە؟»

14 گوتیان: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێشە، هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلیاسە، هەندێکیش یەرمیا یان یەکێک لە پێغەمبەران.»

15 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»

16 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحیت، کوڕی خودای زیندووی.»

17 عیساش وەڵامی دایەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، چونکە گۆشت و خوێن ئەمەیان بۆت ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ئەو باوکەم کە لە ئاسمانە. 18 منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی[a] و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی[b] خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ[c] پێی ناوێرێت.[d] 19 کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی گرێی بدەیت، لە ئاسماندا گرێدراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.» 20 ئینجا فەرمانی دایە قوتابییەکان بە کەس نەڵێن کە ئەو مەسیحە.

یەکەم باسی مردنی عیسا

21 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە ڕوونکردنەوە کرد بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.

22 پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی: «خودا نەکات گەورەم! هەرگیز ئەمەت بەسەرنەیەت!»

23 عیسا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆسی فەرموو: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»

خۆ ئامادەکردن بۆ مردن

24 ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 25 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، دەیدۆزێتەوە. 26 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 27 کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکییەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن تاکو کوڕی مرۆڤ نەبینن بە شانشینەکەیەوە دێتەوە.»

Footnotes

  1. 16‏:18 پەترۆس بە زمانی یۆنانی واتە بەرد. ‏
  2. 16‏:18 یۆنانی: کڵێسا.‏
  3. 16‏:18 مەبەست لەوەیە کە دوژمن لە بەهێزترین خاڵی خۆی ناتوانێت بەرەنگاری کڵێسا ببێتەوە و هەرگیز کڵێسا تێکناشکێت.‏
  4. 16‏:18 مەبەست لەوەیە کە کڵێسا نامرێت.‏