Add parallel Print Page Options

مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن

لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا[a]، لە سەردەمی شا هێرۆدس[b]، هەندێک مۆغ[c] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، پرسییان: «کوا ئەوەی لەدایک بووە کە پاشای جولەکەیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»

کاتێک شا هێرۆدس ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. هەموو کاهینانی[d] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[e] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحم لە یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[f] ئاوای نووسیوە:

«[بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا،
    کەمتر نیت لە فەرمانڕەواکانی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
    شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.][g]»

هێرۆدسیش بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»

لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئەستێرەکەی لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت هەتا لەسەر ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو ڕاوەستا. 10 بە بینینی ئەستێرەکە زۆر شادمان بوون، 11 چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوین و کڕنۆشیان بۆ برد و گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[h] بە دیاری پێشکەش کرد. 12 ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.

هەڵاتن بەرەو میسر

13 کە ڕۆیشتن، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و ڕاکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس خەریکە بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.» 14 ئەویش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت. 15 هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە[i] فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: [لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.][j]

16 کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خوارتر لە بێت‌لەحم و دەوروبەری کوشت. 17 ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:

18 [دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
    گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل[k] بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
    ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.][l]

گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە

19 کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و 20 گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی بۆ ژیانی منداڵەکە دەگەڕان مردن.»

21 ئەویش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل. 22 بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل. 23 جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، هەتا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەران گوترابوو بێتە دی: [بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.]

Footnotes

  1. 2‏:1 لە پەیمانی کۆن ناوی یەهودا بووە.‏
  2. 2‏:1 شا هێرۆدس: هێرۆدسی گەورە لە 37‏–4 پ. ز. پاشای یەهودیا بوو.‏
  3. 2‏:1 بە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت مەغۆس. مۆغان پیاوانی ئایینی زەردەشتی بوون کە ئەستێرەناسیش بوون.‏
  4. 2‏:4 کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانی کردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی خەڵک.‏
  5. 2‏:4 مالم.‏
  6. 2‏:5 مەبەست لە پێغەمبەر میخایە.‏
  7. 2‏:6 میخا 5‏:2‏‏
  8. 2‏:11 موڕ: بەکاردەهێنرا لە ئامادەکردنی تەرم بۆ ناشتن، بڕوانە یۆحەنا 19‏:39‏‏.‏
  9. 2‏:15 مەبەست لە پێغەمبەر هۆشەعە.‏
  10. 2‏:15 هۆشەع 11‏:1‏‏.‏
  11. 2‏:18 ڕاحێل یەکێکە لە ژنەکانی حەزرەتی یاقوب، دایکی یوسف و بنیامینە، لێرەدا هێمایە بۆ دایکە بنیامینییەکان.‏
  12. 2‏:18 یەرمیا 31‏:15‏‏