Add parallel Print Page Options

تاقیکردنەوەی عیسا

پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو. تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[a]، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»

بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.][b]»

ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی[c] پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:

«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][d]»

عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][e]»

دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»

10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][f]»

11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.

مژدەبەخشین لە جەلیل

12 کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، خۆی گەیاندەوە جەلیل. 13 ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی[g]، 14 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:

15 [خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،
    ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،
    جەلیلی نەتەوەکان[h]،
16 ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،
    ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
    ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.][i]

17 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە جاڕدان کرد و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»

عیسا قوتابییەکانی هەڵدەبژێرێت

18 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترێ پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 19 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[j] 20 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.

21 کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاکدەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. 22 دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.

عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە

23 ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکان[k] خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی[l] پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی نێو خەڵک هەبوو، چاکی دەکردنەوە. 24 لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاکیکردنەوە. 25 جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە[m] و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ئوردون دوای کەوتن.

Footnotes

  1. 4‏:3 بڕوانە لیستی زاراوەکان لە پاشکۆ.‏
  2. 4‏:4 دواوتار 8‏:3‏.‏
  3. 4‏:5 سواندە.‏
  4. 4‏:6 زەبوورەکان 91‏:11‏-12‏‏
  5. 4‏:7 دواوتار 6‏:16‏‏
  6. 4‏:10 دواوتار 6‏:13‏‏
  7. 4‏:13 دوو ناوچەی بچووکن دەکەونە باکووری فەلەستین و ڕۆژئاوای دەریاچەی جەلیل، بە ناوی دووان لە کوڕەکانی حەزرەتی یاقوب ناونراون.‏
  8. 4‏:15 مەبەست لە هەموو نەتەوەکانە جگە لە جولەکە، بڕوانە مەتا 10‏:5‏‏.‏
  9. 4‏:16 ئیشایا 9‏:1‏-2‏‏
  10. 4‏:19 مەبەست لە هێنانی خەڵکە بۆ ئەوەی ببەن بە قوتابی مەسیح.‏
  11. 4‏:23 کەنیشت: بەو شوێنە دەگوترێت کە جولەکەکان نوێژ و خواپەرستی و خوێندنی تەوراتی لێ ئەنجام دەدەن. ‏
  12. 4‏:23 یۆنانی: ئیوانجیلیۆن‏، لە زمانی عەرەبی بووە بە ئینجیل. لە زمانی یۆنانی بە واتای مژدە دێت، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی هاتنی پاشا، لێرەدا بۆ هاتنی مەسیح بەکارهاتووە.‏
  13. 4‏:25 دە شارەکە: دیکاپۆلیس، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏