Add parallel Print Page Options

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

13 کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»

عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی: «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ و نیشانە چییە کە خەریکە هەموو ئەمانە تەواو بن؟»

عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات. زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات، هەروەها قاتوقڕی، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە.

«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەتاندەنە دادگا و کەنیشتەکان، جا لێتان دەدرێت و لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشاکان لە پێناوی من ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆیان. 10 هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. 11 کاتێکیش دەتانبەن بۆ ئەوەی بەدەستەوەتان بدەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان دەدرێتێ بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.

12 «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی، منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 13 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

گەورەترین تەنگانە

14 «کاتێک [قێزەونی وێرانکەر][a] دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕابکەنە چیاکان، 15 ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەکەی هەڵبگرێت، 16 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 17 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 18 نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت، 19 چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات، لە سەرەتای بەدیهێنراوانەوە کە خودا بەدیهێنان، هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

20 «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی[b] کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە. 21 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 22 چونکە مەسیحە درۆزنەکان و پێغەمبەرانی درۆزن[c] دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن. 23 بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

هاتنەوەی عیسا

24 «بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە،

«[خۆر تاریک دەبێت و
    مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
25 ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
    تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][d]

26 «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.[e] 27 ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە[f] کۆدەکاتەوە، لەم پەڕی زەوییەوە هەتا ئەو پەڕی ئاسمان.

28 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 29 ئێوەش، کاتێک دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. 30 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 31 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

کەس ئەو کاتە نازانێت

32 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت. 33 کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت. 34 وەک پیاوێک گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.

35 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی. 36 نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون. 37 جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»

Footnotes

  1. 13‏:14 دانیال 9‏:27؛ 11‏:31؛ 12‏:11‏‏
  2. 13‏:20 بڕوانە نامەی ڕۆما بەشی 9 تاکو 11.‏
  3. 13‏:22 کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەسیحن یان پێغەمبەرن.‏
  4. 13‏:25 ئیشایا 13‏:10؛ 34‏:4‏‏
  5. 13‏:26 بڕوانە دانیال 7‏:13‏‏
  6. 13‏:27 بڕوانە مەتا 24‏:31‏‏