Add parallel Print Page Options

پیلانێک بۆ کوشتنی عیسا

14 جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن، گوتیان: «بەڵام نەک لە جەژندا، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»

ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتن

کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی[a] بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند.

بەڵام هەندێک زویر بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟ دەتوانرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد.

بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆ بێزاری دەکەن؟ کارێکی چاکی بۆ من کرد. هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد. ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»

ناپاکی یەهوزا

10 یەهوزای ئەسخەریوتی یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات. 11 کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو بە گرتنی بدات.

شێوی مەسیح

12 ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەژنی فەتیرە، کە بەرخی پەسخەیان[b] سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»

13 ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد، پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون. 14 لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ 15 ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.»

16 قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، وەک پێی فەرمووبوون بینییان و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

17 کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات. 18 پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.»

19 خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ من نیم؟»

20 پێی فەرموون: «یەکێکە لە دوازدەکە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە. 21 کوڕی مرۆڤ دەبێت وەکو لەسەری نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»

22 کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەرگرن، ئەمە جەستەی منە.»

23 ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد و پێیدان، هەموو لێیان خواردەوە.

24 پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت. 25 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.»

26 ئینجا گۆرانی ڕۆحییان[c] گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.

نکۆڵیکردنی پەترۆس

27 عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:

«[لە شوانەکە دەدەم،
    مەڕەکان پەرت دەبن.][d]

28 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»

29 پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.»

30 عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.»

31 بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.

نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی

32 چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.» 33 ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد. 34 پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و شەوارە بگرن.»

35 کەمێک دوورکەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر ببێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. 36 فەرمووی: «بابە![e] باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە. بەڵام نەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو ئەوەی تۆ دەتەوێت.»

37 گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک شەوارە بگریت؟ 38 شەوارە بگرن و نوێژ بکەن، نەوەک تاقی بکرێنەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.»

39 دیسان ڕۆیشت و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە. 40 دیسان گەڕایەوە بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە.

41 سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. 42 هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»

گرتنی عیسا

43 دەستبەجێ، کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یەهوزا یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، گەیشت. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو.

44 ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.» 45 هەر کە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!»[f] و ماچی کرد. 46 ئیتر قۆڵبەستیان کرد و گرتییان. 47 بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینی دا و گوێی بڕی.

48 عیساش پێی فەرموون: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ 49 ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.» 50 ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.

51 گەنجێک دوای عیسا کەوت پارچە کەتانێکی لەبەر بوو ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک ئەویان گرت، 52 کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد.

دادگاییکردنی عیسا

53 عیسایان بردە لای سەرۆک کاهین، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە. 54 پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە.

55 کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو بیکوژن، بەڵام دەستیان نەکەوت. 56 کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان کۆک نەبوو.

57 هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان: 58 «گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکرد نەبێت.“» 59 لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو.

60 سەرۆک کاهینیش لەناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەوانە شایەتی چی لە دژت دەدەن؟»

61 بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆک کاهین لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟»

62 عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەگەڵ هەوری ئاسماندا دێتەوە.[g]»

63 سەرۆک کاهین جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ 64 خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟»

هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. 65 هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.

نکۆڵی پەترۆس لە عیسا

66 پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆک کاهین هات. 67 پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕووانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.»

68 بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. ⌟ئینجا کەڵەشێر خوێندی.⌞

69 کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.» 70 دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان دەگوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.»

71 دەستی کرد بە نەفرەتلێکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.»

72 دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا.

Footnotes

  1. 14‏:3 لە بەردی ئەلەباستەر دروستکرابوو، ئەم جۆرە بەردە لە میسر هەیە بۆ تاشین ئاسانە و ڕەنگەکەی قاوەییە.‏
  2. 14‏:12 سەربڕینی بەرخ لە یادی ئەو قوربانییەی لە سەردەمی موسا لە میسردا سەربڕدراوە، بڕوانە دەرچوون 12‏:1‏-28.‏‏
  3. 14‏:26 خوێندنەوەی زەبوور لە شێوەی گۆرانی.‏
  4. 14‏:27 زەکەریا 13‏:7‏‏
  5. 14‏:36 یۆنانی: ئابە. ‏
  6. 14‏:45 ڕابی: وشەیەکی عیبرییە بە واتای مامۆستا دێت.‏
  7. 14‏:62 دانیال 7‏:13‏‏.‏