Add parallel Print Page Options

زیندووبوونەوەی عیسا

16 کە شەممە بەسەرچوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب، بۆنوبەرامیان کڕی تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن. لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە. بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»

بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو. چوونە ناو گۆڕەکە، گەنجێکیان بینی لەلای ڕاست دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئەوانیش تاسان.

پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراو دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا. بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»

ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و بە خێرایی گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.

دوای ئەوەی بەیانی زوو لە یەکەمی هەفتە عیسا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو. 10 ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ ئەودا بوون، شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان. 11 کاتێک بیستیان عیسا زیندووە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.

12 دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لەوان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون. 13 جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.

14 پاشان عیسا بۆ یازدەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.

15 پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن. 16 ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت. 17 ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن، 18 بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»

19 لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستە ڕاستی خودا دانیشت. 20 ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.⌞