Add parallel Print Page Options

چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە

دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو، جا چاودێرییان دەکرد بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن. عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.»

ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ژیان بەخشین یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون.

بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە. فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.

عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە هەڵکشان، خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و یەهودیاوە دوای کەوتن، هەروەها لە ئۆرشەلیم و لە ئادومیا و ئەوبەری ئوردون[a] و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای، خەڵکێکی زۆر هەموو ئەو شتانەیان بیستبوو کە دەیکرد. ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر. 10 لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن. 11 ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» 12 ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان کە ئاشکرای نەکەن.

هەڵبژاردنی دوازدە نێردراوەکە

13 عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. 14 دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و 15 دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. 16 ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆنی ناونا پەترۆس، 17 یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتە کوڕانی هەورەتریشقە، 18 ئەندراوس و فیلیپۆس و بەرتۆلماوس و مەتا و تۆماس و یاقوبی حەلفی و تەداوس و شیمۆنی کانەوی[b] و 19 یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.

عیسا و سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان

20 عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک نەیانتوانی نان بخۆن. 21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»

22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول[c] دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»

23 عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ 24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. 25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. 27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ کە دەیکات دەبەخشرێن، 29 بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» 30 ئەمەی گوت چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»

دایک و براکانی عیسا

31 دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا. 32 خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»

33 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»

34 چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن. 35 ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»

Footnotes

  1. 3‏:8 ڕووباری ئوردون.‏
  2. 3‏:18 کانەوی پارتێکی نەتەوەیی ڕادیکالی جولەکە بوو، شیمۆنیش سەر بەو پارتە بوو. بڕوانە لۆقا 6‏:15‏‏.‏
  3. 3‏:22 بەعل‌زەبول: بڕوانە مەتا 10‏:25‏‏