Add parallel Print Page Options

سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا

فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە. بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتە بێ دەست شوشتن، چونکە فەریسی و هەموو جولەکە نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، پەیوەست بوون بە نەریتی پیران، هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.

فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»

ئەویش پێی فەرموون: «دووڕووەکان، سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە:

«[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
    بەڵام دڵی لێم دوورە.
بەخۆڕایی دەمپەرستن،
    تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.][a]

ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»

دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. 10 بۆ نموونە، موسا گوتوویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][b]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][c] 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ بە واتای دیاری بۆ خودا، 12 ئیتر نایەڵن شتێکی بۆ دایک یان باوکی بکات. 13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»

ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات

14 دیسان خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن. 15 شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات. ⌟ 16 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.⌞»

17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد. 18 پێی فەرموون: «ئێوەش ئاوا تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟ 19 چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، دەچێتە دەرەوەش بۆ ئاودەست.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.

20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، 21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، 22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. 23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»

باوەڕی ژنێکی کەنعانی

24 عیسا ئەوێی بەجێهێشت، چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، هەرچەندە نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. 26 ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.

27 ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

28 بەڵام وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»

29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»

30 گەڕایەوە ماڵەکەی، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکە دەرچووبوو.

چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک

31 ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدا دا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا. 32 کەڕێکی لاڵوپتەیان بۆ هێنا، لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.

33 عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی کرد بە دەستی خۆیدا و دەستی لە زمانی دا. 34 چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و هەناسەیەکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتە بکرێوە. 35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.

36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپارد ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37 زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»