Add parallel Print Page Options

تێربوونی چوار هەزار کەس

لەو ڕۆژانەدا دیسان خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەبوو هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»

قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»

لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟»

گوتیان: «حەوت.»

ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی برد و سوپاسی خودای کرد، لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت. ئیتر خواردیان و تێربوون، حەوت سەبەتە پەلکەنانیان هەڵگرتەوە. نزیکەی چوار هەزار دەبوون، ئینجا بەڕێی کردن. 10 پاشان یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.

داواکردنی نیشانەی ئاسمانی

11 فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. 12 لە قووڵایی ڕۆحیدا هەناسەیەکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» 13 ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.

فێرکردنی فەریسییەکان

14 قوتابییەکان لەبیریان چووبوو نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. 15 عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»

16 لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێنییە.»

17 عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێنییە؟ ئایا هێشتا جیا ناکەنەوە و تێناگەن؟ ئایا دڵڕەقن؟ 18 خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ 19 کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»

وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»

20 «کاتێک حەوتەکەش بۆ چوار هەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»

وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»

21 ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»

چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا

22 هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. 23 ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»

24 سەیری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»

25 دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە، هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. 26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»

پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت

27 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»

28 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»

29 لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»

پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت[a]

30 جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.

یەکەم باسی مردنی عیسا

31 ئینجا دەستی بە فێرکردنیان کرد کە کوڕی مرۆڤ دەبێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە. 32 بە ئاشکرا قسەکەی کرد، پەترۆسیش هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.

33 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»

خۆ ئامادە کردن بۆ مردن

34 ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 35 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، ژیانی دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ژیانی ڕزگار دەکات. 36 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37 یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 38 ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش کاتێک بە شکۆی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە شەرمی پێی دەبێت.»

Footnotes

  1. 8‏:29 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس‏، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏