Add parallel Print Page Options

جیابوونەوەی ئەبرام و ڵوت

13 ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ ڵوت لە میسرەوە چووە نەقەب. ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.

قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای. بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.

هەروەها ڵوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. بەڵام خاکەکە هەردووکیانی هەڵنەگرت بۆ ئەوەی پێکەوە نیشتەجێ بن، لەبەر ئەوەی دەستکەوتیان ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر نەیانتوانی پێکەوە نیشتەجێ بن. ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی ڵوت ڕوویدا. لەو کاتەش کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.

ئینجا ئەبرام بە ڵوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک لەنێوان من و تۆ و لەنێوان شوانەکانم و شوانەکانی تۆ نەبێت، چونکە ئێمە مام و برازاین[a]. ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»

10 ڵوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 11 ڵوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. ئیتر هەردووکیان لە یەکتری جیا بوونەوە. 12 ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، ڵوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو، ڕووەو سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 13 خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار و گوناهبار بوون، لە دژی یەزدان.

14 دوای جیابوونەوەی ڵوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 15 چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە تۆ و نەوەی تۆ، 16 نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش دەژمێردرێت. 17 بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»

18 ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن[b] نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.

Footnotes

  1. 13‏:8 برازاین: عیبری: برا یان خزم. بڕوانە 11‏:31‏.‏
  2. 13‏:18 بە دووری 32 کم لە باشووری ئۆرشەلیمە، ئێستا بە ناوی (الخلیل) ناسراوە، بە ناوی ئیبراهیمی دۆستی خودا ناسراوە.‏