Add parallel Print Page Options

وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا

19 هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، ڵوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک ڵوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.»

فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»

بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان. پێش ئەوەی ڕاکشێن، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەورەی ماڵەکەیان دا. ئینجا ڵوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان هەتا لاقەیان بکەین.»

ڵوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست. گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن. من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»

ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەمە هاتووە بۆ ئەوەی پەناهەندە بێت لەنێوانمان و دەیەوێت ببێتە دادوەر لەسەرمان. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر زۆریان لە ڵوت کرد و هاتنە پێشەوە هەتا دەرگاکە بشکێنن.

10 بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و ڵوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست. 11 ئەو پیاوانەش کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، کوێرییان کردن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکی ئەوەیان کەوت کە دەرگاکە بدۆزنەوە.

12 ئینجا دوو پیاوەکە بە ڵوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە، زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسانێکی دیکەش کە لە شارەکەدا هەتن؟ هەموویان لێرە ببە دەرەوە، 13 چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاواریان لە دژی خەڵکەکەی مەزن بووە، یەزدانیش ئێمەی ناردووە هەتا وێرانی بکەین.»

14 ئیتر ڵوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ زاواکانی کرد کە کچەکانی ئەمیان خواستبوو. گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی زاواکانی.

15 لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە ڵوت کرد و پێیان فەرموو: «خێراکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»

16 بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان. 17 جا کە هێنایاننە دەرەوە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»

18 بەڵام ڵوت پێی گوتن: «نا، گەورەم! 19 خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم. 20 تەماشا ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»

21 ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم. 22 بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر[a].

23 کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، ڵوت گەیشتە ناو زۆعەر. 24 ئینجا یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند، لەلایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە. 25 هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد. 26 بەڵام ژنی ڵوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.

27 بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا لەبەردەم یەزدان داکۆکی کردبوو. 28 ڕوانییە سەدۆم و عەمۆرا و هەموو زەوی دەوروبەرەکە، سەیری کرد وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.

29 ئینجا کە خودا شارۆچکەکانی دەوروبەرەکەی وێران کرد، خودا ئیبراهیمی هاتەوە یاد[b] و ڵوتی لەناو ئەو سەرەوژێرکردنە هێنایە دەرەوە، کاتێک ئەو شارانەی سەرەوژێر کرد کە ڵوت تێیدا دانیشتبوو.

ڵوت و کچەکانی

30 ئینجا ڵوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون. 31 کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە، هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە بەلاماندا بێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە. 32 وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و لەگەڵی ڕاکشێین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»

33 ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.

34 بۆ ڕۆژی دوایی کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ شەو لەگەڵ باوکم ڕاکشام. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و لەگەڵی ڕاکشێ. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.» 35 ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و لەگەڵی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.

36 ئیتر هەردوو کچەکەی ڵوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو. 37 گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ. 38 هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەن‌عەمی. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.

Footnotes

  1. 19‏:22 زۆعەر واتە بچووک.‏
  2. 19‏:29 بڕوانە 8‏:1‏.‏