Add parallel Print Page Options

مردنی ئیبراهیم

25 ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو، لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.

ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.

ئەمەش تەمەنی ئیبراهیمە، سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، هێنایان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە لەبەردەم مەمرێیە بە خاکیان سپارد، لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتی. 10 ئەو کێڵگەیەی ئیبراهیم لە حیتییەکان کڕی. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا. 11 دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.

نەوەکانی ئیسماعیل

12 ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە لە هاجەری میسرییەوە، کەنیزەکەی سارا کە بۆ ئیبراهیمی بوو.

13 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار[a]، ئەدبەئێل، میبسام، 14 میشماع، دوما، مەسسا، 15 حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما. 16 ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، ئەمانەن ناوی هەوار و خێوەتگاکانیان، دوازدە میر بەپێی هۆزەکانیان. 17 ئەمەش تەمەنی ئیسماعیل بوو، سەد و سی و حەوت ساڵ بوو. ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 18 نەوەکەی لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، سنوورەکەیان لە نزیک سنووری میسر بوو لەسەر ڕێگای ئەشوور، بەرامبەر هەموو براکانیان دوژمنایەتییان دەکرد.[b]

یاقوب و عیسۆ

19 ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن.

ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. 20 ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای هەتا ببێتە ژنی.

21 ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. 22 هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.

23 یەزدانیش پێی فەرموو:

«دوو نەتەوە لە منداڵدانتن،
    دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە،
گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت،
    گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»

24 کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک[c] لە منداڵدانی بوو. 25 ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، ناویان لێنا عیسۆ[d]. 26 دوای ئەمە براکەی لەدایک بوو، بە دەستیشی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، ناویان لێنا یاقوب[e]. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.

27 هەردوو کوڕەکە گەورە بوون، عیسۆ بووە پیاوێکی شارەزا لە ڕاو، پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. 28 ئیسحاق عیسۆی خۆشویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی خۆشدەویست.

29 ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. 30 عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! چونکە پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم[f].

31 یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»

32 عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»

33 بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.

34 ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، هەستا و ڕۆیشت.

بۆیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.

Footnotes

  1. 25‏:13 دووەم کوڕی ئیسماعیلە و باوکی بەناوبانگترین هۆزی عەرەبە، کە لە بیابانی سوریا نیشتەجێ بوون.‏
  2. 25‏:18 دوژمنایەتی: بڕوانە 16‏:12 و زەبوورەکان 120‏:5‏-7.‏‏
  3. 25‏:24 جمک‏
  4. 25‏:25 عیسۆ واتای تووکن. نازناوەکەشی (ئەدۆم) بوو، واتە سوور.‏
  5. 25‏:26 (یاقوب) واتە پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتە هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 27‏:36‏.‏
  6. 25‏:30 ئەدۆم واتای سوورەیە.‏