Add parallel Print Page Options

گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام

29 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.

یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»

ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»

پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»

گوتیان: «دەیناسین.»

ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»

گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»

گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»

ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»

هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا. 11 یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا. 12 ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.

13 هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد. 14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»

هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل

لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، 15 لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر بەخۆڕایی کارم بۆ دەکەیت؟ پێم بڵێ ئاخۆ کرێیەکەت چی بێت؟»

16 لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. 17 چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. 18 یاقوب ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکەکەت.»

19 لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» 20 ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو، لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل.

21 ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەی خۆم تەواو بوو، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»

22 لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. 23 بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش لەگەڵی نوست. 24 هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.

25 کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»

26 لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە، لێرە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. 27 هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت دەدەینێ بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کار، کە بۆ منی دەکەیت.»

28 یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. 29 هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی. 30 یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش نوست، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.

منداڵەکانی یاقوب

31 یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، ئیتر منداڵدانی کردەوە. بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. 32 لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن[a]، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»

33 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو، گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم. ئیتر ئەمەشی دامێ.» ناوی لێنا شیمۆن.

34 جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی[b].

35 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا[c]. ئیتر لە سککردن وەستا.

Footnotes

  1. 29‏:32 ڕەئوبێن لە دەربڕینی «ئەوەتا، کوڕێک!» لە زمانی عیبری نزیکە.‏
  2. 29‏:34 وشەی لێڤی لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (پەیوەست)ی عیبری نزیکە.‏
  3. 29‏:35 وشەی یەهودا لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.‏