Add parallel Print Page Options

دینە و شەخەمییەکان

34 دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ دیدەنی کچانی ئەو ناوە. کاتێک کە شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد. دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد. شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە ببێتە ژنم.»

یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.

حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. کوڕەکانی یاقوب کە بیستیان، لە دەشتودەر هاتنەوە، هەستیان کرد کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و زۆر تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل[a] کرد، ئەمەش کارێکی نەشیاو بوو.

بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە، بیدەنێ ببێتە ژنی. ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن. 10 لەناومان نیشتەجێ بن، زەوییەکەش لەبەردەمتانە، تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، موڵکتان تێیدا هەبێت.»

11 ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم. 12 مارەیی و دیاری زۆر لەسەرم زیاد بکەن، ئەوەی داوای دەکەن دەیدەم، تەنها کچەکەم بدەنێ ببێتە ژنم.»

13 کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو. 14 پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنە نەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە. 15 بەڵام بەمە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین، ئەگەر وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان. 16 ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل. 17 بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەشتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوە کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»

18 قسەکانیان بەلای حەمۆر و بەلای شەخەمی کوڕی حەمۆرەوە باش بوو. 19 کوڕە لاوەکە لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە بە کچەکەی یاقوب دڵشاد بوو، لە ماڵی باوکیشی لە هەموویان ڕێزدارتر بوو. 20 ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد، گوتیان: 21 «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ. 22 بەڵام ئەم پیاوانە بەمە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەگەڵمان نیشتەجێ بن و ببینە یەک گەل، ئەویش خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانمانە، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنەکراون. 23 ئایا ماڵات و ماڵ و هەموو ئاژەڵەکانیان بۆ خۆمان نابن ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن؟»

24 هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.

25 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم، کە ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانکراو بێت هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو کوشتیان. 26 بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن. 27 ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو. 28 هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد. 29 هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.

30 ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان کردە ناحەز لەلای خەڵکی ئەم خاکە، کەنعانییەکان و پریزییەکان. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»

31 بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»

Footnotes

  1. 34‏:7 ئیسرائیل: بۆ یەکەم جار ئەم ناوە نوێیە لە یاقوب نرا (بڕوانە 32‏:28) دواجار گوێزرایەوە بۆ نەوەکانی یاقوب.‏