Add parallel Print Page Options

ساقی[a] پاشای میسر و نانەواکەی

40 دوای ماوەیەک ساقی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە گەورەکەیان پاشای میسر کرد. جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی تووڕە بوو، سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان. ئیتر هەردووکیانی خستە زیندانەکەی ناو ماڵەکەی سەرۆکی پاسەوانەکان، ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو. سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن.

ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە. ئینجا ساقی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون هەردووکیان، لە یەک شەودا خەونیان بینی، خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەیان.

بۆ سبەی بەیانی یوسف هاتە لایان، سەیری کردن هەردووکیان ماتومەلوولن. ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»

وەڵامیان دایەوە: «خەونمان بینیوە، بەڵام کەسێک نییە لێکیان بداتەوە.»

یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»

سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو. 10 سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەر کە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ. 11 جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون، جامەکەم دایە دەستی فیرعەون.»

12 یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن. 13 لە ماوەی سێ ڕۆژدا فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت. 14 کاتێک ژیانت باش دەبێت منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لەلای فیرعەون ناوم بهێنیت و لەم ماڵە دەرمبهێنیت، 15 چونکە لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم، لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»

16 کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو. 17 سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»

18 یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن. 19 لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت پەلدەدات و جەستەکەت لەسەر دارێک دەچەقێنێت، باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»

20 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد. 21 سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون. 22 بەڵام سەرۆکی نانەواکانی کوشت، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.

23 سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.

Footnotes

  1. 40‏:1 ساقی: شەراب تێکەر.‏