Add parallel Print Page Options

خەونەکانی فیرعەون

41 ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە، لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای ڕوخسار جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار ناشیرین و لەڕ، لەلای مانگاکانەوە لەسەر کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان. ئینجا مانگا ڕوخسار ناشیرین و لەڕەکان، حەوت مانگا ڕوخسار جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات.

لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە، کە حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون، قەڵەو و جوانن. لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات، زانی کە خەونە.

ئەوە بوو سەر لە بەیانی دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەرانی میسر و هەموو داناکانی. فیرعەون خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام کەسێک لەنێویان نەبوو بۆی لێکبداتەوە.

ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد. 10 جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان. 11 من و ئەو لە یەک شەو خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان. 12 لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. بۆ ئەومان گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە، بۆ هەریەکەمان بەپێی خەونەکەی لێکی دایەوە. 13 ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.»

14 فیرعەونیش بەدوای یوسفدا ناردی، ئیتر خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.

15 فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. بەڵام دەربارەی تۆ بیستوومە کە خەون دەبیستیت هەتا لێکی بدەیتەوە.»

16 یوسف وەڵامی فیرعەونی دایەوە: «هی من نییە، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»

17 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، 18 بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و ڕوخسار جوان هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 19 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار زۆر ناشیرین و لەڕولاواز بوون. لە هەموو خاکی میسر ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. 20 ئینجا مانگا لەڕ و ڕوخسار ناشیرنەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. 21 چوونە ناو ورگیانەوە، بەڵام پێیانەوە دیار نەبوو کە ئەوانە چوونەتە ورگیانەوە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بەئاگا هاتم.

22 «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. 23 لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 24 گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەس نەبوو بۆم لێکبداتەوە.»

25 یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. 26 حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. 27 حەوت مانگا لەڕ و ناشیرنەکان بەدوایاندا هاتنە دەرەوە ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.

28 «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت، ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی نیشان دا: 29 حەوت ساڵ دێت تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. 30 بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. 31 ئیتر بەو تێروتەسەلییەی لە خاکەکەدا بووە نازانرێت، لەبەر ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت، چونکە زۆر گران دەبێت. 32 سەبارەت بەوەش کە خەونەکە دوو جار بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیار دراوە، خوداش خێرایە لە ئەنجامدانی.

33 «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا ببینێت و لەسەر خاکی میسر داینێت. 34 با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. 35 ئیتر هەموو خواردنی ئەم ساڵە باشانەی کە دێت کۆدەکەنەوە، لەژێر دەستی فیرعەون گەنم لە ئەمبار بکەن، بۆ خواردن لە شارۆچکەکان دەپارێزرێت. 36 ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت، ئیتر خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»

37 ئەم قسانە لەبەرچاوی فیرعەون باش بوو، هەروەها لەبەرچاوی هەموو دەستوپێوەندەکەی. 38 فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»

39 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەدوای ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆت ئاشکرا کرد، ئیتر کوا لە تۆ وردبینتر و داناتر. 40 تۆ لەسەر ماڵەکەی من دەبیت، هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن، تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»

یوسف وەک لێپرسراوی خاکی میسر

41 ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» 42 ئینجا فیرعەون ئەنگوستیلەکەی دەستی خۆی داکەند و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. 43 پاشان سواری دووەم گالیسکەی خۆی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.

44 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» 45 فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.

46 تەمەنی یوسف سی ساڵ بوو کاتێک دەستی بە خزمەتی فیرعەونی پاشای میسر کرد. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. 47 لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا زەوی بە پڕی بەروبوومی دا. 48 یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسردا بوو، لە هەموو شارێکدا خۆراکی دانا، خۆراکی ئەو کێڵگانەش کە لە دەوروبەری شارەکە بوون. 49 یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر ئیتر وازی لە ژماردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.

50 پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. 51 یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناونا مەنەشە[a] و گوتی: «چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» 52 دووەمیشیانی ناونا ئەفرایم[b]، گوتی «چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»

53 ئەو حەوت ساڵە تێروتەسەلییەی لە خاکی میسردا بوو کۆتایی هات. 54 ئینجا حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد، وەک یوسف گوتبووی. قاتوقڕی لە هەموو زەویدا بوو، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. 55 کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»

56 قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. 57 هەموو زەویش هاتن بۆ میسر هەتا گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو زەویدا توند بوو.

Footnotes

  1. 41‏:51 وشەی مەنەشە‏ لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (لەبیربردنەوە)ی عیبری نزیکە.‏
  2. 41‏:52 بە واتای دیسان بەرهەمدارە‏