Add parallel Print Page Options

گەشتێک بۆ کۆنیا

14 لە کۆنیا پۆڵس‏ و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و ئاوا قسەیان کرد تاکو ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا. بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، نەتەوەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن. بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت. ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان. ئەوە بوو کە نەتەوەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن، نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا[a] و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و لەوێش مزگێنییان دەدا.

چاکبوونەوەی ئیفلیجێک

لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو. گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە، 10 بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.

11 کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان[b] شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!» 12 جا بەرناباسیان ناونا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس[c]، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. 13 ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.

14 بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: 15 «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 16 ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن. 17 لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.» 18 بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.

19 هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە. 20 بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.

21 مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا، 22 ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.» 23 لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە. 24 ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا. 25 لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و دوای بۆ بەندەری ئەنتالیا[d] دابەزین.

26 لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد. 27 کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ نەتەوەکانیش کردووەتەوە. 28 جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.

Footnotes

  1. 14‏:6 لیسترا و دەربە دوو شار بوون لە هەرێمی لیکاونیا، دەکەوێتە ناوەڕاستی تورکیای ئێستا.‏
  2. 14‏:11 یۆنانییە کۆنەکان بتپەرست بوون و بڕوایان وابوو چەند خوداوەندێک هەیە.‏
  3. 14‏:12 لە ئەندێشەی یۆنانییەکان هەرمەس خودایەکە پەیامی زییۆسی گەورەی خوداکان دەگەیەنێ.‏
  4. 14‏:25 یۆنانی: ئەتالیا‏. ‏