Add parallel Print Page Options

بەرگری پۆڵس

22 «برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون.

ئەویش گوتی: «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی[a] گەمالائیل بە توندی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، وەکو سەرۆک کاهین و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم بۆ برایانی دیمەشق لەوان وەرگرت، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.

«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“

«وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“

«پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

10 «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“»

«مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەوەی بۆت دانراوە بیکەیت، پێت دەگوترێ.“ 11 جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.

12 «پیاوێک بە ناوی حەنانیا، بەگوێرەی تەورات لەخواترس، هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. 13 هاتە لام، وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.

14 «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە[b] ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، 15 چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. 16 ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“

17 «ئەوە بوو کە بۆ ئۆرشەلیم گەڕابوومەوە و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، 18 مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“

19 «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. 20 کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“

21 «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ دوور دەتنێرم، بۆ نەتەوەکان.“»

22 هەتا باسی نەتەوەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»

23 ئینجا هاواریان کرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد. 24 فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، تاکو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.

پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە

25 کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» 26 کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو چووە لای فەرماندەکە، هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتی ڕۆمانییە!»

27 فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتی ڕۆمانیت؟»

گوتی: «بەڵێ.»

28 فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم هاوڵاتی بوونەم وەرگرت.»

پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»

29 ئەوانەی بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش کە زانی هاوڵاتی ڕۆمانییە و وا کۆتی کردووە، ترسا.

30 بۆ بەیانی ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە سکاڵای لێدەکەن، ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین کۆببنەوە، پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.

Footnotes

  1. 22‏:3 یۆنانی: لەبەرپێی.‏
  2. 22‏:14 مەبەست لە مەسیحە‏