Add parallel Print Page Options

پەترۆس و یۆحەنا لە سەنهەدرین

کاتێک پەترۆس و یۆحەنا قسەیان بۆ خەڵکەکە دەکرد، کاهینان و سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و سەدوقییەکان هاتنە لایان، زۆر لێیان پەست بوون، چونکە خەڵکیان فێردەکرد و دەیانگوت کە مردووان زیندوو دەبنەوە هەروەک چۆن عیسا زیندووبووەوە. بۆیە پەترۆس و یۆحەنایان گرت و هەتا بەیانی لە زیندانیان کردن، چونکە دەمەو ئێوارە بوو. بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار.

بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، لەگەڵ حەنای سەرۆک کاهین و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆک کاهینان بوون. پەترۆس و یۆحەنایان لەناوەڕاست ڕاگرت، پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟»

جا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران، ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک بۆ پەککەوتەیەک کراوە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکرێت، بە چی چاک بووەتەوە، 10 با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە. 11 ئەمە

«[ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە،
    ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a]‏.][b]

12 بێجگە لەو ڕزگاربوون نییە، چونکە ناوێکی دیکە لەژێر ئاسماندا نییە لەناو خەڵکدا درابێت، بەوەوە پێویست بکات ڕزگار بین.»

13 کاتێک ئازایەتی پەترۆس و یۆحەنایان بینی و زانییان خەڵکێکی نەخوێندەوار[c] و سادەن، سەرسام بوون، زانییان کە لەگەڵ عیسادا بوونە. 14 بەڵام کاتێک ئەو پیاوەشیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی چاک بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە. 15 ئەوسا فەرمانیان پێدان لە سەنهەدرین بچنە دەرەوە و لەناو خۆیاندا کەوتنە گفتوگۆ: 16 «چی لەم پیاوانە بکەین؟ ئاشکرایە بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم کە نیشانەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی ئەمانەوە کراوە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین. 17 بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، هەڕەشەیان لێ دەکەین ئیتر لەلای کەس باسی ئەم ناوە نەکەن.»

18 ئینجا بانگیان کردن و فەرمانیان پێدان، بە هیچ شێوەیەک بە ناوی عیسا دەم نەکەنەوە و کەسیش فێرنەکەن. 19 بەڵام پەترۆس و یۆحەنا وەڵامیان دایەوە: «بەلای خوداوە کامیان دروستترە: گوێ لە ئێوە بگرین یان لە ئەو؟ ئێوە حوکم بدەن! 20 بەڵام ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین.»

21 دوای هەڕەشەی زیاتر، بەریاندان. نەیانزانی چۆن سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ستایشی خودایان دەکرد بەهۆی ئەوەی ڕوویدابوو، 22 چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوەی بەسەرهاتبوو لە چل ساڵ زیاتر بوو.

نوێژی باوەڕداران

23 کە پەترۆس و یۆحەنا بەربوون، هاتنە لای هاوڕێیەکانیان و ئەو شتانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان گوتبوون بۆیان گێڕانەوە. 24 ئەمەیان بیست و بە یەک دڵ هاواریان بۆ خودا کرد:

«ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆی دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 25 لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز لەسەر زاری داودی باوکمان و بەندەی خۆت فەرمووت:

«[بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
26 پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
    لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[d]‏.][e]

27 لەبەر ئەوەی بە ڕاستی لەم شارەدا، هێرۆدس و پیلاتۆسی پۆنتی و نەتەوەکان و گەلی ئیسرائیل لە دژی عیسای خزمەتکاری پیرۆزت یەکیانگرت، ئەوەی کە دەستنیشانت کرد. 28 ئەو کارەیان ئەنجام دا کە هێز و خواستی تۆ پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشابوو کە دەبێت ڕووبدەن. 29 ئێستاش یەزدان، سەیری هەڕەشەکانیان بکە، بە خزمەتکارانی خۆت ببەخشە بەوپەڕی ئازایەتی بە وشەکانت بدوێن، 30 کاتێک دەستت دەبەیت تاکو چاکبوونەوە و نیشانە و پەرجوو بە ناوی عیسای خزمەتکاری پیرۆزتەوە بکرێت.»

31 کاتێک لە خودا دەپاڕانەوە، ئەو شوێنەی کە تێدا کۆببوونەوە هاتە لەرزین و هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز، بە چاونەترسییەوە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.

پێکەوە ژیان

32 کۆمەڵی باوەڕداران یەک دڵ و گیان بوون، کەس نەیدەگوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵکو لە هەموو شتێکدا هاوبەش بوون. 33 نێردراوان بە هێزێکی گەورەوە شایەتی هەستانەوەی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا، نیعمەتێکی[f] گەورەش بەسەر هەموویانەوە بوو. 34 کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و 35 لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد.

36 یوسف، لێڤییەکی ڕەگەز قوبرسییە، کە نێردراوان ناویان لێنا بەرناباس، واتە «کوڕی هاندەر»، 37 کێڵگەیەکی هەبوو، فرۆشتی و پارەکەی هێنا، خستییە بەرپێی نێردراوان.

Footnotes

  1. 4‏:11 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏
  2. 4‏:11 زەبوورەکان 118‏:22‏‏
  3. 4‏:13 دەرچووی قوتابخانەی جولەکەیی بۆ مامۆستایەتی تەورات نین.‏
  4. 4‏:26 یۆنانی: کریستۆس‏. واتە مەسیح، هەروەها (دەستنیشانت کرد) لە ئایەتی 27، ئەوەی بە دەستی پێغەمبەر و بە ڕێگای چەورکردن بە ڕۆن بۆ پاشایەتی دەستنیشان کراوە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 9‏:16؛ 16‏:12.‏‏
  5. 4‏:26 زەبوورەکان 2‏:1‏-2‏‏
  6. 4‏:33 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏