Add parallel Print Page Options

وتاری ستیفانۆس

سەرۆک کاهین لێی پرسی: «ئەم شتانە وان؟»

ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆ بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت، پێی فەرموو: [خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.][a]

«خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن. لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هێشتا منداڵی نەبوو. خوداش ئاوای فەرموو: [نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،] خودا فەرموویەتی، [دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.][b] خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی[c] بوو.

«باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو، 10 لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی دایێ. ئەویش لێپرسراویەتی میسر و هەموو ماڵەکەی خۆی پێدا.

11 «ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت. 12 یاقوب بیستی لە میسردا دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد. 13 بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت. 14 ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون. 15 جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان. 16 ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.

17 «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، 18 تاکو [لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.][d] 19 لەگەڵ نەژادەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.

20 «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، 21 کاتێک دوورخرایەوە[e]، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. 22 موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.

23 «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی براکانی بکات، نەوەی ئیسرائیل. 24 یەکێکی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. 25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. 26 بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“

27 «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ 28 ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟][f] 29 موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.

30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.][g] 31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: 32 [من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.][h] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.

33 «[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. 34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.][i]

35 «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟][j] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. 36 ئەم دەریهێنان، لە ماوەی چل ساڵدا پەرجوو و نیشانەی لە خاکی میسر و دەریای سوور و چۆڵەوانیش کرد.

37 «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: [خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.][k] 38 هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[l] بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.

39 «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. کەچی ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر دەگەڕایەوە. 40 بە هارونیان گوت: [چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.][m] 41 لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. 42 بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان[n] بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە:

«[ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
    قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
43 نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان[o]
    لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان[p]،
    ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن.
لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.][q]

44 «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. 45 جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردییانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، 46 ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. 47 بەڵام سلێمان بوو کە خانووێکی بۆ دروستکرد.

48 «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، وەک پێغەمبەر گوتوویەتی:

49 «[ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
    چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
            یەزدان دەفەرموێ،
    لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
50 ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟][r]

51 «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنە نەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! 52 باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[s] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. 53 ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»

کوشتنی ستیفانۆس

54 کاتێک گوێیان لەمانە بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. 55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستە ڕاستی خودا وەستابوو. 56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستە ڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»

57 بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، 58 بردییانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان لەبەرپێی گەنجێک داکەند ناوی شاول بوو.

59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» 60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[t].

Footnotes

  1. 7‏:3 پەیدابوون 12‏:1‏‏
  2. 7‏:7 پەیدابوون 15‏:13،‏‏ 14‏
  3. 7‏:8 مەبەستی لە دوازدە سەرۆک هۆزەکەیە، یەهودا و لێڤی و یوسف و هتد.‏
  4. 7‏:18 دەرچوون 1‏:7‏-8‏‏
  5. 7‏:21 بۆ پاراستنی لە مردن لەناو سەبەتەیەک خرایە ناو ڕووباری نیل، بڕوانە دەرچوون 2‏:4‏‏.‏
  6. 7‏:28 دەرچوون 2‏:14‏‏
  7. 7‏:30 دەرچوون 3‏:2‏‏
  8. 7‏:32 دەرچوون 3‏:6‏‏
  9. 7‏:34 دەرچوون 3‏:5‏-10.‏‏
  10. 7‏:35 دەرچوون 2‏:14‏‏
  11. 7‏:37 دواوتار 18‏:15‏‏
  12. 7‏:38 یۆنانی: ئێکلێسیا‏: بانگکراوان بۆ کۆبوونەوە. مەبەستی لەو ڕۆژەیە کە لە سەردەمی موسا لە شاخی سینا خودا گەلی خۆی کۆکردەوە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکات، بڕوانە دواوتار 4‏:10 و دەرچوون 19‏ و 20‏.‏
  13. 7‏:40 دەرچوون 32‏:1‏‏
  14. 7‏:42 یۆنانی: سوپای ئاسمان.‏
  15. 7‏:43 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، خەڵکی بۆ پەرستشی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28: 3.‏
  16. 7‏:43 خوداوەندێکی میسرییەکان بوو.‏
  17. 7‏:43 ئامۆس 5‏:25‏-27.‏‏
  18. 7‏:50 ئیشایا 66‏:1‏-2.‏‏
  19. 7‏:52 مەبەستی عیسای مەسیحە.‏
  20. 7‏:60 مەبەستی لە مردنە. مەسیح بە مردن دەڵێت نوستن. بڕوانە مەتا 9‏:24 و یۆحەنا 11‏:11.‏‏ ‏